بێدەنگیی سلێمانی
مردنی غەزال یەکێکە لە مردنە قورسەکانی ئەم دواییەی کوردستان؛ نەک تەنیا لەبەر هۆکاری مردنەکەی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی دوای مردنیشی بووە قوربانی بێدەنگییەکی دەستەجەمعی.شارێک کە هەمیشە وەک پایتەختی مۆراڵیی بەرگری، کلتوور و ئازادیخوازی ناسراوە. ئەمڕۆ لە پرسە و بەخاکسپاردنی غەزالدا ئامادەنەبوو!نە قەرەباڵغیەکی گەورە بینرا، نە بەشدارییەکی بەرچاوی خەڵکی ئاسایی و ئەعوانی شار و نە هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتی ، ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. ئاشکرایە ئەم بێ دەنگیە پەیوەستە بە ترس لە هەژموونی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئێران و ناتەبایی سیاسی کورد و ڕاهاتن لەگەڵ توندوتیژی و تراجیدیای جەنگ ، بەڵام پێدەچێت خەمساردیش ڕۆلی خۆی بینیبێت.ئەمانە هەمووی توانای هەژاندنی ویژدانی شاریان خەسانووە.
خیانەتێکی سمبولی
سلێمانی تەنیا شارێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو سمبولە. هەر لەبەر ئەوەشە، بێدەنگییەکەی کێشێکی جیاوازی هەیە. بەشدارینەکردن لەم پرسەیەدا، تەنیا ڕەفتارێکی کەسی نییە، بەڵکوو کارێکی سیاسیی ناڕاستەوخۆیە. ئەمە مانای وایە کە هەندێک مردوو شایەنی ئەوە نین ببینرێن؛ کە هەندێک خەبات دەبێت لە پەراوێزدا بمێننەوە؛ و ترس شێوەیەکی قبووڵکراوی نەزم و ڕێسایە. لێرەدا گەورەترین دژایەتی (پارادۆکس) دەردەکەوێت: شارێک کە خۆی بە "پایتەختی کلتوور و شۆڕش" دەناسێنێت، بۆی نیە لە دوورەوە تەماشابکات.دەنا ئەگەر بوو بە تەماشاکەرێکی دوور، مافی ئەوەی نامێنێت بەو ناسناوانە خۆی بناسێنێت. لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین : چی لەو کۆمەڵگەیە دەمێنێتەوە کە ڕێز لە تەرمی قوربانیەکی وەک "غەزال " ناگرێت و لە دوایین سەفەریدا بەڕێی ناکات؟ ئەمە پرسیارێکی مۆراڵی نییە، بەڵکوو ستراتیژییە. چونکە ئەو کۆمەڵگەیەی لە ڕووی سمبولییەوە پارێزگاری لەوانە ناکات کە لە پێناویدا دەجەنگن، پەیامێکی ڕوون دەنێرێت بۆ چواردەوری خۆی : ئەم خەباتە خەباتی ئێمە نییە. یەقینیشە بەبێ هاوبەشی و هەستکردن بە یەکچارەنووسی، هیچ بزووتنەوەیەک نەسەرکەوتوو دەبێت نە تاسەر دەمێنێت. مردنی غەزال،تەنیا کارەساتێکی کەسی یان سیاسی نییە، بەڵکوو ئاوێنەیەکە کە کوردستانی تێدا دەبینرێت؛ کوردستانێکی پارچەپارچە و ناتەبا کە لە ژێر گوشارە دەرەکییەکاندا دەناڵێنێت، لەوەش گرنگتر، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکە کە لایەنی کەم لەم کەیسەدا، بێدەنگیی هەڵبژارد، لە کاتێکدا کە بێدەنگی هەرگیز بێلایەنی نییە.












